Kesayetî ye siyasî û huneryekan derbarey Zakaria çî dellên?

کەسایەتیە سیاسیى و هونەریەکان دەربارەى (زەکەریا) چى دەڵێن؟

هەندێک بە وەستاى ئاوازو هەندێکیش دەرکەوتنى زەکەریا بەسەرەتاى شۆڕشێکى نوێى هونەرى دادەنێن و پێیانوایە ستایڵێکى نوێى هێناوەتە نێو گۆرانى و میوزیک لە کوردستان.
زەکەریا عەبدوڵڵا، لەدواى دەرکەوتنى لە سەرەتاکانى دەیەى 2000دا توانى بەماوەیەکى کەم سەرنجى گوێگرانى بۆخۆى رابکێشێت و ببێتە خاوەنى جەماوەرێکى بەربڵاو ، ئەو ئێستا نەک تەنها لەسەر ئاستى کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستى جیهانیش هونەرمەندێکى ناسراوە و توانیویەتى لەچەندین میدیاى جیهانى دەربکەوێت لەوانە (The Economist) و (BBC 6 MUSIC) و رادیۆى فەرمى سوید (SR) و چەند سایت و رۆژنامەیەکى ترى ئەوروپى.
هەندێک لە هونەرمەندان تۆمارکردنى کارى هونەرى جوانتر بەکارێکى سەخت دەبینن ، هەربۆیە تۆمارکردنى ئەم سەرکەوتنە یەک لەدواى یەکانە بۆ زەکەریا بە بەرهەمهێنانى 7 ئەلبوم جێگەى تێڕامانە.
(تۆهاتى ، بگەڕێوە ، دایە ، رۆژگار ، تێلیناز ، گەنجى پیر ، لاپەڕەى سپى) ناوى ئەو ئەلبومانەى زەکەریایە کە تا ئێستا لە تەمەنى گۆرانى وتنیدا تۆمارى کردوون.
جەماوەریى بوونى زەکەریا تەنها لەکۆنسێرت  و فرۆشى بەرهەمەکانیدا بەدیناکرێت، بەڵکو لەسەر ئاستى تۆڕە کۆمەلایەتییەکانى ئینتەرنێتیش خاوەنى جەماوەرێکى بەربڵاوە، بەجۆرێک پەیجە کەسییەکەى زەکەریا لەسەر تۆڕى فەیس بووک لەڕیزى پێشەوەى ئەو هونەرمەندانەیە کە زۆرترین لایکى هەیە و زۆرینەى بەشداربووانى ئەو تۆڕە لەکەسایەتییە سیاسیى  و هونەرییەکانیش لەپرۆفایلەکەیاندا خۆیان بەیەکێک لە شەیدایانى دەنگى ئەو هونەرمەندە ناساندووە.
ئەوەى لێرەدا دەیخوێنینەوە کورتە کۆمێنتى هەندێک لەکەسایەتییە سیاسى و هونەرییەکانە کە لەچەند بۆنەو دیمانەیەکى رۆژنامەنووسیدا دەربارەى زەکەریا ووتویانە.

سەرۆکى حکومەت: گوێگرى زەکەریام
د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح (سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان) لە (cv) تایبەت بە ژیانى ئاسایى و سیاسى و حەزى بۆ هونەر لەلاپەڕەى فەرمى خۆى لەسەر تۆڕى کۆمەڵایەتى (فەیسبووک) ئاماژە بەوە دەکات کە حەز بە دەنگى هونەرمەند (زەکەریا) دەکات و گوێ لە گۆرانیەکانى دەگرێت.

حەمە جەزا: زەکەریا سەرکەوتووە
هونەرمەندى گەورەى کۆچکردوو (حەمە جەزا) لە چەندین بۆنە و دیمانەى تایبەت ئاماژەى بەکارى هونەرمەندانى گەنج کردووە و هونەرمەند (زەکەریا)ى بەیەکێک لەگەنجە سەرکەوتووەکانى هونەرى کوردى ئەژمار کردووە و ڕۆڵى ئەو هونەرمەندەى بەرز نرخاندووە.

ناسرى رەزازى: شارەزا و قۆز و قسە خۆشە
هونەرمەندى بەناوبانگى کورد (ناسرى ڕەزازى) لە دیمانەیەکى رۆژنامەوانیدا دەڵێ" زەکەریا ژەنیارێکى باشە و شارەزاى میوزیکە"، ئاماژە بەوەش دەکات کە زەکەریا کوڕێکى قسە خۆشە و گەنجانى کورد گوێى لێ دەگرن. رەزازى پێیوایە سەرەتاى دەرکەوتنى (زەکەریا) کاتێکى گرنگ بوو بۆ سڕینەوەى ئاواز و میوزیکى بێگانە لە گوێچکەى لاوى کورد،  شتێکى دیکە هەیە ئەگەر گۆرانیبێژەکە شێوە و ڕواڵەتى جوان بێ وەکو (زەکەریا) ئەوەش بۆخۆى شانسێکە.

بەیتوجان: زەکەریا تامى داوەتە ئاگر کەتیە دلێ من
هونەرمەندى ناودارى کورد (بەیتوجان) خاوەنى گۆرانیە بەناوبانگەکەى کوردانە (ئاگر کەتیە دلێ من) کە تا ئێستا زیاتر لە (50) هونەرمەندى کورد و تورک ئەو گۆرانیەى ئەویان وتۆتەوە، زەکەریاش یەکێکە لەو هونەرمەندانەى ئەو گۆرانیەى وتووە، دەربارەى ئەم گۆرانیە هونەرمەند (بەیتوجان) لە دیمانەیەکى رۆژنامەوانیدا ووتویەتى"سەرەڕاى ئەوەى تا ئێستا دەیان هونەرمەندى ناودار ئەو گۆرانیەیان وتووە، بەڵام هونەرمەند (زەکەریا) لە هەموویان جوانتر ئەداى کردووە و تامى بەم بەرهەمەى من داوە".

ئێڤا بیۆرلینگ: زەکەریا مایەى شانازیە بۆ سویدیەکان
خاتوو (ئێڤا بیۆرلینگ) وەزیرى بازرگانى سوید لە سەردانێکى بۆ شارى هەولێر بە تایبەت سەردانى هونەرمەند (زەکەریا) دەکات و لە دەفتەرى یادەوەرى چەند وشەیەک بۆ زەکەریا دەنووسێت و بە شانازیەکى گەورەى دادەنێت بۆ گەلى کورد  و  وڵاتى سوید. وەزیرى بازرگانى سوید ئەم وشانە بۆ زەکەریا جێدەهێڵێت"بەختەوەرییەکى شاهانەیە بۆ من کە هاتوومەتە ئێرە و دەبینم کە هاوڵاتیەکى کوردى سویدى (زەکەریا خاوەن ڕەگەزنامەى سویدیە) خاوەنى ئەو هەموو ناوبانگەیە و کەسێکى سەرکەوتووە ئەوە شانازییە بۆ وڵاتەکەمان کە تۆ لەو ئاستە بەرزە دایت و هیوادارم هەموو ئەو سویدیانەى دێنە هەرێمى کوردستان ئیلهام لە تۆ وەرگرن".

تارا ئەسعەدى: لە گۆرانیەکانى خۆشەویستیەکى ئەفڵاتونیانە بەدى ئەکەم

تارا ئەسعەدى، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان دەربارەى زەکەریا دەڵێ" توانى خۆى خۆى دروستبکات و پێگەیەکى دیارى هەبێت لە هونەرى کوردى، راستە زەکەریا لە دورى نیشتمان گەورە بووە، بەڵام ناسنامەى کورد بوونى خۆى لە بیرنەکردووە، بەڵکو خزمەتى کەلتوورى گەلەکەى کردووە". ئەو ئەندامەى پەرلەمانى کوردستان ووتویەتى"سیفەتێکى جوانى ئەو هونەرمەندە ئەوەیە سەرەڕاى ئەو ناوبانگە زۆرەى کە هەیەتى هیچ کات لە خۆبایى نەبووە، بە گۆرانیەکانى وێنەى جوانى سروشت و نیشتمانى پیشانداوە، ئەو خۆشەویستیەى لە گۆرانیەکانى زەکەریا بەدى دەکرێ خۆشەویستیەکى ئەفڵاتوونیە واتا خۆشەویستى شێوە نیە بەڵکو خۆشەویستیەکى رۆحیە، ئەو رۆحیەتەش لە خۆشەویستیە بۆ کوردستان و یەکێکم لەو کەسانەى بەردەوام گوێ لە گۆرانیەکانى دەگرم و شانازى پێوەدەکەم".

ماجد مهندس توشى شۆک بوو
لە کاتى تۆمارکردنى گۆرانى (بۆ کوردستان) لە تورکیا ئەو کات هونەرمەندى ناودارى عەرەب (ماجد المهندس) بۆ تۆمارکردنى ئەلبومى نوێى خۆى لە تورکیا دەبێت و لە ستۆدیۆ (زەکەریا) دەبینێت، ماجد پاش ئەوەى گوێى لەو گۆرانیە دەبێت توشى شۆک دەبێت و پێى دەڵێت"دەست خۆشیت لێ دەکەم بۆ ئەو کارە جوانە، بەڵام یەک داواکاریم لێت هەیە تکایە گۆرانى بە عەرەبى مەڵێ چونکە کار لە بەناوبانگى ئێمە دەکات".  

تونچبیلەک: زەکەریا وەستاى ئاوازە
ئیسماعیل تونچبیلەک (میوزیکژەنى ناودارى تورکیاو جیهان) کە چەندین کارى هونەرى بۆ هونەرمەندانى ناودارى جیهان کردووە و لە چەند ئەلبومێکى هونەرمەند (زەکەریا) ش کارى میوزیکى ئەنجامداوە، دەڵێت" لە سێ ئەلبوومى (زەکەریا) کارم کردووە و ئاوازەکانى لە ئاستێکن پێویست بەوە ناکات باسى بکەم چونکە (زەکەریا) وەستایەکى گەورەیە لە کارى هونەرى" تونچبیلەک دەڵێ"ئەگەر لە ژیانمدا (5) باشترین هونەرمەندى گەورەم خۆشویستبێت یەکێک لەوانە (زەکەریا) یە".

سەکەریالى: زەکەریا رۆحم ئازار دەدات
موراد سەکەریالى (میوزیکژەنى ناودارى تورکیا) ئاماژە بەوە دەکات کە گوێ لە میلۆدییەکانى زەکەریا دەگرێت هەستێکى سەیرى لا دروست دەبێت، ووتویەتى"کەم هونەرمەند هەیە بەمیلۆدیەکانى رۆحم ئازار بدات و لە ناخەوە گوێى بۆ بگرم، زەکەریاش یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە لە ناخەوە گوێى بۆ دەگرم و شانازییە کە بەیەکەوە چەندان کارمان کردووە".

ئایتاچ: ئێمەى سەرسام کردووە
ئایتاچ (میوزیکژەنى تورک) دەڵێ "زۆر سەختە بۆ هونەرمەندان ئەلبوم دواى ئەلبوم کارى جوانتر بکەن، بەڵام هونەرمەند (زەکەریا) ئەلبوم دواى ئەلبوم کارى جوانتر و نایاب تر دەکات، ئێمەى سەرسام کردووە بەو دەنگ و ئاوازە خۆشانەى".

ئا: چرا شەماڵ

تێبینى:
ئەم راپۆرتە لە ژمارە (777) ى رۆژنامەى (هاوڵاتى)، رۆژى (چوارشەممە) بەرواری (2011/10/26) بڵاوکراوەتەوە.


Listen to whole album

Download Ringtones

Fans On Facebook

Official Zakaria Profiles

Facebook Wikipedia