Hellsengandêk bo Zakaria le nêwan dahênan û muzîkî biyanîda

هەڵسەنگاندێک بۆ زەکەریا لە نێوان داهێنان و موزیکی بیانیدا

Zakaria Abdullaهونەرمەند زەکەریا عەبدوڵا یەکێکە لەو هونەرمەندە بەتوانایانەی کە تاکو ئێستا خاوەنی حەوت بەرهەمە کە توانیویەتی لەم ماوەیە  گوێگرێکى باش بۆخۆی پەیدابکات و داهێنانێک لەنێو هونەری کوریدا دروست بکات، بەڵام زۆرێک لە خەڵک  دەڵێن  کەموکوڕی لە بەرهەمەکانى هەیە. لەم بارەیەوە بەپێویستمان زانی راو بۆچوونی چەند کەسێکی شارەزا دەربارەی ئەم بابەتە و کارە هونەرییەکانی هونەرمەندی بەتوانا زەکەریا وەربگرین.

زەکەریا توانی هونەری کوردی بباتە ئۆقیانوسێک

هونەرمەند ئیسماعیل سابوری، کە بە مامۆستاو شارەزایەکی هونەری میوزیکی کوردی دادەنرێت، دەڵێت "زەکەریا لەسەردەمێک هاتە ئاراوە کە توانی هونەری کوردی بباتە ئۆقیانوسێک، مامۆستا (شەجەریان) بەو هەموو گەورەییەی خۆی دەڵێت. تاکو ئێستا سەری نوکی نینۆکم تەڕ نەبووە بەئاوی ئەم ئۆقیانوسە. بۆیە دەڵێم زەکەریا گۆڕانکاری هێنا ئاراوە هونەرى کوردى گەیانە ئەم ئۆقیانوسە".

دواتر هونەرمەند محەمەد قەدری شارەزا لەبواری گۆرانی وتن و ئاواز دانانەوە وتی "زەکەریا دەیەوێت هەموو کاتێک شتی تازە و کاری جوان بکات. توانیویەتی داهێنانێک لەنێو هونەری کوردی بهێنێتە ئاراوە ".

دواتر هونەرمەند "بورهان موفتى زادە" شارەزا لەبواری ئاوازدانانەوە ووتى " زەکەریا هەم وەک موسیقاو دەنگ و شێوە   کەسێکى پڕۆفێشناڵە. هەروەها لەڕووى کلیپە وە گۆرانى زۆر بەسەر کلیپەکان داهێنا. واى لەهونەرمەندان کرد چاوى لێبکەن و گۆڕان بەسەرکارەکانیان دابهێنن. باهەمووکارێکیش کارى فۆلکلۆر نەبێت داهێنانێک لەنێو هونەرى کوردى هەبێت.

ئەرکی سەرشانی زەکەریا قوڕسترە لەئەرکی هونەرمەندانی تر
هونەرمەند ئامانج غازی شارەزا لەمۆسیقا و ئاوازدانەر وتی "ئاشنایەتی من لەگەڵ زەکەریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان. ئەوکات زەکەریا ژەنیار بوو، بەڵام هەمیشە ویستویەتی لەبواری خۆیدا پێشکەوتن بخاتە ڕوو و شتێکی نوێ پێشکەش بکات. لەبەر ئەوەی ئەو ئەرکەی لەسەرشانی زەکەریایە قورسترە لە ئەرکی هونەرمەندەکانی تر. من زەکەریا  دەناسم کە توانستێکی لە ئاوازدانان و سەلیقەی باشی هەیە لە گوێگرتن بۆ ناسینەوەی ئەو دەنگانەی کە مۆرکێکی تایبەت دەدەن بەدەستەوە، کە نزیکە لەو شوێنەی زەکەریا تێیدا گەورە بووە".

لەبارەی سوود وەرگرتن لە بەرهەمەکانی زەکەریا هونەرمەند ئامانج غازی دەڵێت "زۆر پێم سەیرە ئەو بەهرەیەو ئەو توانستەی کە لە بواری گۆرانیدا زەکەریا هەیەتی، نازانم بۆچی  دەچێتە تورکیا بۆئامادەکردنى بەرهەمەکانى؟ ئەگەر کێشەکە تۆمارکردنی دەنگە یان کێشەی تراکە، ئێستا لە کوردستان ئەمانە هەن. کۆمەڵێک هونەرمەند هەن ئەم کارانە دەکەن،   هەر بۆیە هەست دەکرێ دابڕانێکی زۆر هەیە لەنێو ئەو میلۆدییانەی کە خۆی بۆ خۆی دایناوە لەگەڵ ئەوانی تر. هیچ بەرهەمێک ناگاتە بەرهەمی یەکەمی، چونکە ئەو دەنگ و سەدایەی لە بەرهەمی یەکەم هەیەتی زۆر جیاوازە لە بەرهەمەکانی ئێستای. دڵنیام لەوەی ئەو ئاواز و دابەشکردنەی خۆی دەیکات زۆر مۆرکی کوردانەی پێوە دیارە".

هەروەها محەمەد قەدری رای پێچەوانەی رای ئامانج غازی بوو وتی "ئێمە نزیکین لەهونەری تورکییەوە، بۆیە ئاوازی تورکی زاڵە بەسەر بەرهەمەکانماندا، راستە زەکەریا سوودی لە ئاوازی تورکی و نەتەوەى تر وەرگرتووە، بەڵام بەشێوەیەکی زیرەک و پڕۆفیشناڵ سوودی لێوەرگرتووە، زۆر کەس هەن کەدەمۆسیقا ناگەن یاخود ناتوانن بگەنەئاستى زەکەریا ئەوکات ئیرەى پیدەبەن ناچارن ڕەخنەى لێبگرن".

سابوری دەڵێت "هیچ کات لەگەڵ ئەوە دانیم کە ئاوازی بیانی تێکەڵ بەئاوازی کوردی بکرێت، بەڵام  زەکەریا داهێنانێکی لەنێو هونەری کوردی دروست کرد، بەڵام خۆزگە ئەو توانایەی خۆی لە بواری هونەری کوردی خۆماندا سەرف بکردایە.

تاکوئێستا کەسێکی شارەزامان نییە رەخنە لەتێکستی گۆرانی بگرێت
لەبارەی تێکستەکانی بەرهەمی هونەرمەند زەکەریا شاعیر و تێکستنووس عبدولڕەحمان بێلاف وتی "تێکست دەورێکی کاریگەر لەبونیادنانی گۆرانی دەگێڕێت، وەک چۆن پێکهاتەی گۆرانی بریتییە لە دەنگ و ئاواز و دابەشکردنی مۆسیقا، ئەندزیاری دەنگ و کوالێتی ستۆدیۆ و تێکستیش پێگەیەکی هەرە بەرزی لە گۆرانیدا هەیە. ناتوانین لێرەدا بەشێوەیەکی کورت باسی تێکستەکانی زەکەریا بکەین، چونکە بابەتەکە زۆر هەڵدەگرێت، هیچ بیانویەک ناهێنمەوە، چونکە رەخنەگر نیم بۆ ئەوەی ئەم بابەتە هەڵسەنگێنم،  بۆیە نامەوێت ڕەخنە لەسەربەرهەمەکانى زەکەریا بگرم. بۆ هەموو شتێکی نوی رای جیاواز هەیە، ڕای پۆزەتیڤ و نیگەتیڤ. هیچ شاعیر و گۆرانیبێژێک بگرە هیچ مرۆڤێکیش بێ کەموکوڕی نییە. لە گۆرانیدا کاتێک شاعیر بە ئازادی تێکست بنووسێت دواتر هونەرمەند ئاوازی بۆ بنووسێت، ئەوا تێکست سەنگینی و هێزی خۆی لە دەست نادات، بەڵام ئەگەر شیعر بۆ ئاواز بنووسرێت بەتایبەت ئەگەر تێکست نووسەکە گوێی مۆسیقی نەبێت و شارەزایی لە بواری مۆسیقا نەبێت، شتێکی باش نابێت کەشایەنی وتن بێت. بۆئەم بەرهەمەی زەکەریا تێکستەکانی لەلایەن سامی ئەرگوشی نووسراوە ئەوەندەی من بزانم سامی ئەرگوشی یەکێکە لە باشترین شاعیرانی گۆرانی ، لێرەو لەوێ قسەی سەرپێیمان گوێ لێدەبی، بەڵام تاکو ئێستا کەسێکی ئەکادیمی کە قسەی لەسەر تێکستی گۆرانی وتن نەکردووە.

زەکەریا توانی گەنجی کورد بۆ هونەری کوردی بگەرێنێتەوە
بۆکان هیوا وەکو گەنجێک رایوایە و دەڵێت "دەرکەوتنی زەکەریا، شۆڕشێک و لافاوێک بوو، گۆرانی بیانی لە گوێی خەڵکی کوردستاندا راماڵی و گۆرانی رەسەنی کوردی جێگەی گرتەوە، گەڕایەوە دۆخی جارانی و لاوانی کورد گۆرانییەکانی زەکەریا دەڵێنەوە، چونکە پێشتر گەنجەکانی کوردستان دەبوو گوێبیستی دەنگی هونەرمەندانی عەرەب و تورک و بیانی بووینایە، بەڵام زەکەریا توانی گەنجی کورد بۆ هونەری کوردی رابکێشێت.

بۆماوەی دووهەفتە  زۆرترین سیدی ئۆرگیناڵم فرۆشت
رێدار شێرزاد خاوەنی سەنتەری ئەربائیلۆ وتی "ئەمساڵ بەرهەمی هونەرمەند زەکەریا لەهەموو بەرهەمەکان زیاتر فرۆشرا. توانیم بۆماوەی دووهەفتە زۆرترین سیدی ئۆرگیناڵ بفرۆشم". رێدار ئاماژەی بەوەدا کەبەرهەمی ساڵانی پێشووی زیاتر فرۆشراوە لەبەرهەمی ئەمساڵی.

ئا: رۆشنە عومەر
سەرچاوە: گوڵان میدیا

Listen to whole album

Download Ringtones

Fans On Facebook

Official Zakaria Profiles

Facebook Wikipedia